ویکیپیدیا:ناوی وتارەکان
ئەم پەڕەیە سیاسەتێکی فەرمیی ویکیپیدیای کوردییە. ئەم سیاسەتە لەلایەن زۆربەی بەکارھێنەران پەسەند کراوە و دەبێت ھەموو بەکارھێنەران بە شێوەیەکی ئاسایی پەیڕەویی لێ بکەن. پێش گۆڕینی ئەم پەڕەیە، دەبێت لەسەری یەکدەنگی ھەبێت. |
| ئەم پەڕەیە بە کورتی: نابێت دوو وتار ھەمان ناویان ھەبێت، دەبێت سەری ناوەکان بە نووسەی ستاندارد نووسرابێت، دەبێت ناوەکان ئاسان بن و باو بن ئەگەر کرا |
ناوی وتارەکان یان سەردێڕی وتارەکان ئەو سەرناوانەن کە بە شێوەیەکی گەورە لە بەشی سەرەوەی ھەر پەڕەیەک دەردەکەون، ھەروەھا لە URL و بەستەری پەڕەکانیشدا ھەر ئەوانە دەردەکەون. ئەم ناوانە یارمەتی جیاکردنەوەی وتارەکان دەدەن.
ناوی وتارەکان دەتوانرێت ھەر بە سادەیی ناوی بابەتی وتارەکە یان ئامانجەکە بێت. ھەندێکجار بۆ ئەو بابەتانەی ھەمان ناویان ھەیە پێویستە چەماوە یان کەوانە بەکاربێت بۆ جیاکردنەوەیان. بۆ نموونە: دەستپێک – دەستپێک (فیلم).
ئەگەر ناوی وتارەکان بە چەند شێوەیەک باو بوون، پێویستە وتووێژ بکرێت تا بزانرێت کامیان بە شێوەیەکی باوتر و بە فەرمی بەکاردێت تا ئەو ناوە دابنرێت. ھەندێکجار بۆ یەکلاییکردنەوەی وتووێژ لەسەر ناوی وتارەکان، لەوانەیە ئەو ناوە دابندرێت کە بە شێوەیەکی فراوانتر لە نێوان خەڵکی بەکاردێت.
پێویستە ھەمووان خۆ لە ناوی بیانی لادەن بۆ شتێک کە بەرامبەری کوردی ھەبێت بۆ ناوی وتارەکان و ناوەڕۆکی وتارەکان. بۆ نموونە: تەیر دروست نییە، باڵندە دروستە. ھەرچۆنێک بێت، ئەم سیاسەتە تەنھا بۆ ناوە گشتییەکانە نەوەکوو تایبەتییەکان. ھەروەھا پێویستە ناوەکان بە نووسەی ستاندارد نووسرابێتن وەک لە وپ:نک ڕێنمایی دراوە. ناوی وتارەکان پێویستە لە ھەموو حاڵەتێکدا بە بێلایەنی و دروستی نووسرابێتنەوە. بە ھەموو شێوەیەک خۆتان لە ناوی ناباو لادەن ئەگەر لە توانادا بوو.
یاساکانی ناو
ئەگەر تێبینی بکەیت، دەبینی کە لە پەڕەی وتووێژی بەشێکی وتارەکان وتووێژ لەسەر ناوی وتارەکان کراوە کە ئەمە شتێکی زۆر باشە تا بە ڕێککەوتن بگەنە یەکلاییکردنەوەی ناوی وتارەکان، بەڵام زۆر جار ناگاتە ئاکام و مشتومڕ لەنێوان بەکارھێنەران دروست دەبێت کە چی ناوێک بۆ وتارەکە دانێن. لێرەدا باشترە ڕەچاوی ئەم خشتەیەی خوارەوە بکرێت. بۆ بەرامبەری کوردیی وشە بیانییەکان، دەتوانیت لە وپ:دبک داوا بکەیت.
| بنەماکان | ناوەڕۆک | نموونە | تێبینییەکان |
|---|---|---|---|
| کوردیبوون | دەبێت ناوەکە کوردی بێ و لە فەرھەنگ و خێزانی زمانی کوردیدا بوونی ھەبێت. | ژن، نەک ئافرەت کە تورکییە. ڕۆژپەرست نەک حەربا کە عەرەبییە. | چەند لە توانادا بوو پێویستە ناوەکە کوردی بێ، بەڵام ھەموو کاتیش مەرج نییە کوردی بێ، لە ھەندێک حاڵەتدا ڕەنگە خاڵەکانی خوارەوە بڕیار لەسەر ئەمە بدەن. ئەگەر بە تێپەڕبوونی کات ناوی کوردی لە فەرھەنگە کوردییەکان دۆزرایەوە و کۆمەڵگە لەسەری کۆک بوون، دەبێت ناوەکە بکرێتە کوردییەکە. |
| باوبوون | ناوەکە بەپێی پێویست باو و ناسراو بێت لەناو قسەکەران/خوێنەرانی زمانی کوردی و پرۆژەکە. | حکوومەت ھەرچەند کوردیش نییە، بەڵام باوە | شتێک ئاشنا بێت و ئاسان بێت بۆ ناسینەوە لای خوێنەر؛ بێ داتاشینی وشەی نوێ و نەبیستراو؛ بەڵام ئەگەر بارودۆخێک ھاتە پێش، ناوە بێگانەکە بەرامبەرێکی کوردی ھەبوو کە ڕەچاوی خاڵەکانی ئێرە بکا، ئەوا دەشێ ناوە باوەکە لاببرێت و کوردییەکە دابندرێت لە شوێنی. |
| نووسەی ناستاندارد | نابێت ھیچ جۆرە نووسەیەکی ناستاندارد وەک «ه، ك» یان تەتویلی عەرەبی و نیوبزوێنی فارسی بگرێتە خۆ. | بەپێی وپ:نک و وپ:ڕزک دەبێ ڕەچاوی ئەلفوبێی دروستی کوردی بکرێت و خۆت لە نووسە ناستاندارد و نەبینراوەکان و ئەوانەی بۆ جوانکاری بەکاردێن بەدوور بگریت. | |
| بێلایەنی | ناوەکان نابێت بە ڕەچاوکردنی سوودی لایەنێک دابنرێن و مەبەستی خراپکردنی ھیچ لایەنێکیش نەبێت. | ھەولێر لەجیاتی ئەربیل | بێجگە لە ناوە فەرمی و یاسایییەکان. |
| کورتی | کورت، پوخت و سادە بێ و مانابەخش بێت. | چین نەک کۆماری گەلی چین، جەنگی جیھانیی یەکەم نەک یەکەم گەورەترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتی | ناوی درێژ پشووبڕە بۆیە لە کورتی بیبڕەوە. |
| ستاندارد | گەر ناوێک لە چەندین وتار دووبارە بووەوە و بەکارھێنرا، مەرجە ناوی ھەموو وتارەکان کە ناوە دووبارەکەی لەخۆ گرتووە، وەک یەک بن و جیاواز نەبن. | ھاوشێوەی کوردانی سووریا و کوردانی فینلاند، نەک کوردەکانی سووریا و کوردانی فینلاند | ناوێک کە گونجاو بێت بۆ پێوانەی بنەڕەتی زمانی کوردی (ستانداردسازی) ئەمە پێویستە خاڵی یەکەمیش ڕەچاو بکات. پێویستە سەرجەم و داڕێژە و پۆلەکانیش لەسەر ئەم خاڵە بڕۆن. |
| وەرگێڕانی ناوی تایبەت | کاتێک باسەکە لەسەر ناوی تایبەتی زمانێکی ترە، دەبێت شێوازی خوێندنەوە کوردییەکە ڕەچاو بکرێ و بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێت. | محمد نییە و محەممەد دروستە، مصر نییە و میسر دروستە | ئێرە دەبێت ڕەچاوی خاڵی دووەم بکات؛ لە حاڵەتێکی نەخوازراویش گەر پێویست بوو، دەبێت کۆمەڵگا بڕیار لەسەر شێوازی خوێندنەوەکە بدەن. |
| نووسینی عەرەبی | بێجگە لە ناوە دینییەکان (کە جێگرەوەی کوردییان نییە) ھەر ناوێکی تری عەرەبی پێویستە بە کوردی بنووسرێتەوە، ئەلف و لام بە ھیچ شێوەیەک ڕێ پێدراو نییە. | عێراق نەک العراق یان ئەلعراق، بەڵام ئەمە نموونەکانی ئەلقاعیدە و ئەلزھایمەر و ئەلکھول ناگرێتەوە؛ بڕوانە پەڕەی وتووێژەکانیان. | ھەندێک وشەی دینیش ھەن کە لە کوردیشدا بەرامبەری بۆ ھەیە و دەتوانرێ ئەوە لەبری عەرەبییەکە دابندرێت، وەک نوێژ لەجیاتی سەڵات، ئەمەش پێویستە ڕەچاوی خاڵی دووەم بکات. |
| کۆدەنگی | ھەموو ناوی وتارەکان پێویستی بە وتووێژ کردنە و کۆمەڵگا بە کۆدەنگی دەتوانن باری ناوێک یەکلایی بکەنەوە. | – | سەرجەم وتووێژەکان پێویستە ڕەچاوی خاڵەکانی سەرەوە بکەن. بۆ ئەم مەبەستە پەڕەی وتووێژی وتارەکە باشترین شوێنە تا بڕیاری کۆتایی لێ بدرێ، لە حاڵەتێکیشدا گەر بارودۆخەکە وای ویست، دەبێ ببرێتە دیوەخان و لەوێ یەکلایی بکرێتەوە (بۆ نموونە بۆ ناوێک کە بەکارھێنانی زۆرە لە ویکیپیدیا و پەڕەکانی یارمەتی، پۆل و ھتد..). |